
ڕێژنه میدیا
لە ڕۆژی هەینیەوە، دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بۆ پاسەکانی ناوشاری سلێمانی لە بەنزینخانەی پێشەوا بە سیستەمی تاک و جوت دەستپێدەکات.
سەرەڕای گرانبونی سوتەمەنی، هێڵەکانی ناوشار نرخی گواستنەوەیان وەک خۆی هێشتوەتەوە و تەنها دو هێڵی دەرەوەی شار بۆ ماوەیەکی کاتی نرخەکانیان زیاد کردوە.
ڕزگار عەبدوڵا، لێپرسراوی هێڵەکانی گواستنەوەی ناوشاری سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە میدیاكانی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی هەینی 7ـی ئەم مانگەوە، دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بۆ شۆفێرانی پاس دەستپێدەکات و بۆ ئەو مەبەستەش بەنزینخانەی “پێشەوایان” لە نزیك پردی قالاوە تەرخانکراوە.
جهختیشی كردهوه ، دابەشکردنی بەنزینەکە بە سیستەمی “تاک و جوت” دەبێت و ڕۆژی هەینی تایبەت دەبێت بەو پاسانەی ژمارەی کۆتایی تابلۆکانیان تاكە. لێپرسراوی هێڵەکانی گواستنەوە ئاماژەی بەوەشکرد، کە سبەی پێنجشەممە سوتەمەنییەکە دەگاتە بەنزینخانەکە و لە دو سبەیەوە شۆفێران دەتوانن سودی لێ وەربگرن.
سەبارەت بەو پاسانەی بە گاز کار دەکەن لەگەڵ شۆفێرانی تەکسی، ڕزگار عەبدوڵا وتی، “لە هەوڵ و گفتوگۆداین بۆ ئەوەی بەنزینخانەی تایبەتیش بۆ ئەوان دیاری بکرێت و بەنزینیان بە 750 دینار پێبدرێت”.
ئاماژهشی بهوه كرد کە سەرەڕای گرانیی نرخی بەنزین، هێڵەکانی ناوشار ڕەتیانکردوەتەوە نرخی گواستنەوە بەرز بکەنەوە و تەنها دو هێڵی دەرەوەی شار نرخەکەیان بە شێوەیەکی کاتی زیاد کردوە.



